تبلیغات
وێنه‌ ی خاڵی - ژیننامه‌ی مامۆستا نالی (به‌شی دووهه‌م)
شنبه 20 خرداد 1391

ژیننامه‌ی مامۆستا نالی (به‌شی دووهه‌م)

   نوسراوه‌ له‌ لایان: مسته فا    مه‌به‌ست :ژیننامه‌ ،نالی ،

نالی و دڵداره‌که‌ی :  

له‌ پێشه‌کی نوسخه‌یه‌ک له‌ دیوانی نالی به‌ ناوی  (کوردی و مه‌ریوانی) دا باسی ((حه‌بیبه‌))یان کردووه  که‌ نالی گیرۆده‌ی خۆشه‌ویستی بووه‌ و کارێکی زۆری کردۆته‌ بزواندنی هه‌ستی شاعیرانه‌ و خه‌یاڵی قووڵی.

به‌ دوای ئه‌و خواستوویه‌تی و بووه‌ به‌ هاوسه‌ری ژیانی و له‌ گه‌ڵ ئه‌و دا په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیان وه‌ک یار و دڵدارێک هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌.

مامۆستا عه‌لائه‌ددین سه‌جادیش له‌ (مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی) دا باسی ئه‌وه‌ی کردوه‌ و له‌مه‌ زیادتریش ده‌ڵێ :((نالی له‌ ته‌کیه‌ی قه‌ره‌داغیش دۆستێکی تری بووه‌ و (ئایشه‌) ناو بووه‌............................


ئایشه‌ هه‌موو جار خۆی به‌وه‌ هه‌ڵده‌کێشا که‌ دڵخوازی نالی بووه‌.ته‌نانه‌ ت من ئه‌مه‌م له‌ مامۆستا شێخ نووری بابه‌ عه‌لیه‌وه‌ وه‌رگرت که‌ خۆی ئایشه‌ی دیبوو.))

به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ دیوانه‌که‌ی دا هیچ جۆره‌ هێمایه‌ک بۆ ئه‌م ئایشه‌یه‌ نیه‌ و تا ئێسته‌ش چ غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌یه‌ک که‌ بۆنی ئایشێی لێوه‌ بێ نه‌بیسراوه‌.

نالی له‌ چه‌ند لایه‌کی دیوانه‌که‌یدا ناوی حه‌بیبه‌ و له‌ دوو لاشدا ناوی مه‌حبووبه‌ ی هێناوه‌ که‌ مه‌به‌ستی له‌ مه‌حبووبه‌ش هه‌ر حه‌بیبه‌ بووه‌.له‌ لام وایه‌ چ حه‌بیبه‌ و چ مه‌حبووبه‌ هیچ کامیان ناوی ڕاسته‌قینه‌ی یاره‌که‌ی نالی نین ؛ چونکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئه‌و ڕۆژه ی کورده‌واریدا‌ بۆ مه‌لایه‌ک  ئاسان نه‌بووه‌  دڵی به‌ ئافره‌تێکه‌وه‌ بووبێ ؛ناوی ئه‌و ئافره‌ته‌ بزڕێنێ و بیخاته‌ شیعری خۆیه‌وه‌ ؛ نه‌خوازه‌ڵا ئه‌گه‌ر به‌ ته‌مای خواستنیشی بووبێ.

ئه‌و شێعرانه‌ی که‌ تێی دا باسی مه‌حبووبه‌ی تێدا کردووه‌ : 


جه‌نانی وه‌ک جینان کردم به‌ ماوا

حه‌بیبه‌   ی مالێاوا   ،   ماڵی ئاوا


هه‌روه‌ها:


خه‌نده‌و ده‌می مه‌حبووبه‌ که‌ وا زۆر نه‌مه‌کینن

به‌س خۆشه‌ ئه‌گه‌ر خۆ نه‌مه‌کی زه‌خم و برینن


هه‌روه‌ها:


موژگانی سیه‌ه  مه‌سته‌ وه‌کوو چاوی حه‌بیبه‌

غاره‌ت که‌ بکه‌ن دێن  و ده‌چن ڕۆح   بڕفێنن


هه‌روه‌ها:


ده‌ستم له‌ گه‌ردنی خۆت هه‌ڵمه‌گره‌ ئه‌ی حه‌بیبه‌

وه‌بزانه‌  خوێنی    خۆمه یا   میننه‌تی   ڕه‌قیبه‌

ناوو نیشانی حه‌بیبه‌ ی هاوسه‌ری نالی له‌ سالانی ده‌وریدا ونه‌.نه‌ له‌وه‌ ده‌چێ که‌ له‌ گه‌ڵ خۆی بردبێتی بۆ حه‌ج و بۆ ئه‌سته‌نبوول و نه‌ له‌وه‌ش ده‌چێ که‌ یه‌و دۆسته‌ شیرنه‌ی له‌ کوردوستاندا به‌ جێ هێشتبێ.دوور نیه‌  حه‌بیبه‌ پێش سه‌فه‌ری نالی کۆچی دوایی کردبێ ؛ نه‌بوونی منداڵ و نه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر ڕێ و شوێنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی تاریک کردوه‌.

له‌ به‌ر به‌جێمانی خاتره‌کانی حه‌بیبه‌ له‌ سوله‌یمانی و زیادتر بوونی جه‌وری تورکانی عوسمانی هه‌ر ڕووی نه‌بوه‌ بگه‌ڕێه‌وه‌ شاره‌که‌ی. به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م شێعره‌ مه‌سه‌له‌ که‌ زیادتر ده‌رده‌که‌وێ :

هه‌تا تۆم ئاشنا بوی ئاشنام بوون

ئه‌مێستا موو به‌ موو ئه‌غیاره‌ بێ تۆ


له‌ کن من با وجودی ناس و ئه‌جناس

که‌سی تێدا نیه‌ ئه‌م شاره‌ بێ تۆ


هه‌موو ڕۆژێ له‌ تاو هیجرانی ئه‌م ساڵ

ته‌مه‌ننای مردنی پێراره‌ بێ تۆ


وا ده‌گه‌یێنێ که‌ حه‌بیبه‌ ته‌نیا دوو ساڵ له‌ گه‌ڵ نالی بووه‌.