تبلیغات
وێنه‌ ی خاڵی - ئه‌مان ئه‌ی موتریبی مه‌جلیس (وه‌فایی)
پنجشنبه 12 بهمن 1391

ئه‌مان ئه‌ی موتریبی مه‌جلیس (وه‌فایی)

   نوسراوه‌ له‌ لایان: مسته فا    مه‌به‌ست :وه‌فایی ،

ئه‌لا ئه‌ی ساقیی مه‌ستان به‌ حه‌ققی پیری مه‌یخانه‌
به‌ گه‌ردش بێنه‌ جامی مه‌ی به‌ یادی چاوی جانانه‌



ئه‌مان ئه‌ی موتریبی مه‌جلیس به‌ حه‌ققی تاری ڕووحانی
بڵا بێ نه‌غمه‌که‌ی سازت که‌ ئاوی ئاوری هیجرانه‌


ئه‌تۆ ئه‌ی ڕووحه‌که‌م ساقی ، ئه‌تۆ ئه‌ی عومره‌که‌م موتریب
په‌یاپه‌ی لێده‌ چه‌نگ و نه‌ی ، ده‌ماده‌م بێنه‌ په‌یمانه‌


به‌ تیری غه‌مزه‌ بملاوێنه‌وه‌ زولفم له‌ گه‌رده‌ن که‌
به‌ سه‌ر هاتوومه‌ مه‌یدانت ، به‌ دڵ بۆت بوومه‌ نیشانه‌


ئه‌گه‌ر شه‌وقی جه‌ماڵی تۆ نییه‌ من مه‌ست و حه‌یرانم
له‌ به‌ر چی بۆته‌ بولبول گوڵ ، چرا بۆچ بۆته‌ په‌روانه‌؟


له‌ شه‌وقی تۆیه‌ سه‌رمه‌سته‌ ، به‌ زه‌وقی تۆیه‌ پابه‌سته‌
ئه‌گه‌ر عاریف له‌ که‌عبه‌ی دا ، ئه‌گه‌ر کافر له‌ بوتخانه‌


له‌ شیرینی جه‌ماڵی تۆیه‌ ڕۆژی ڕوونی له‌یلایه‌
ئه‌گه‌ر فه‌رهادی سه‌رگه‌ردان ، ئه‌گه‌ر مه‌جنوونی دێوانه‌


ده‌مێکی مه‌ست و بیمارم ، ده‌مێک بێ هۆش و هوشیارم
چ که‌س نازانێ ده‌ردی من مه‌گه‌ر ئه‌و چاوه‌ کاڵانه‌


ده‌ هه‌ر حه‌ڵقێکیدا سه‌د دڵ ، گرفتاره‌ و ده‌ناڵێنێ
سه‌ری زولفی په‌رێشانت مه‌گه‌ر زنجیری شاهانه‌


هه‌ناسه‌ی عاشقان با نه‌دگرێ ، بێ مروه‌تی تا که‌ی؟
بترسێ ئه‌ی گوڵی نازک به‌ده‌ن له‌و بایی زریانه‌


ئه‌گه‌ر زولفت وه‌کوو من عاشقی ڕووی تۆ نیه‌ بۆ چی
سه‌راپا تێکچووه‌ که‌وتۆته‌ به‌ر پێت ، ده‌ست و دامانه‌؟


ترازا دوگمه‌که‌ی سینه‌ی ، به‌ یاری زولفی هات غه‌مزه‌
به‌یان به‌ر بوو له‌ لای چین ، با خه‌به‌ر بن! تیره‌ بارانه‌


وه‌فایی بۆ گوڵێکی سه‌ر و باڵا شێت و شه‌یدایه‌
وه‌کوو قومری ده‌ناڵێنێ ، وه‌کوو بولبول غه‌زه‌ل خوانه‌