تبلیغات
وێنه‌ ی خاڵی - شه‌و (مه‌حوی)
پنجشنبه 21 اردیبهشت 1391

شه‌و (مه‌حوی)

   نوسراوه‌ له‌ لایان: مسته فا    مه‌به‌ست :شێعر ،مه‌حوی ،

شه‌و که‌سێ پرسی له‌ خۆ ده‌رخستنی په‌روانه‌ شه‌و
ئه‌و وتی: ناتێگه‌یشتوو ته‌جره‌به‌ی مه‌ردانه‌ شه‌و
                                                                  
   هه‌ر سیابه‌ختانی عیشقه‌ مه‌زهه‌ری نووری هودان
شه‌و نه‌بێ ئه‌ستێره‌ مه‌ستورن، به‌ که‌م مه‌ڕوانه‌ شه‌و







ئه‌م سیا رۆژی منه‌ پۆشیویه‌تی عه‌یبی که‌سان
ئاشکرایه‌ ستری ئه‌حواڵی گونه‌هکارانه‌ شه‌و


بۆیه‌ زوڵمه‌ت پۆشه‌،نووری ئه‌هلی جه‌وهه‌ر ده‌رکه‌وێ
سه‌یری حه‌ققی که‌ن له‌ سه‌ر ئه‌م ماهو ئه‌ستێرانه‌ شه‌و


نه‌بووه‌ ، نابینی له‌ شه‌و مه‌حره‌مترێ تا ڕۆژی حه‌شر
په‌رده‌پۆشه‌ ، هه‌مده‌مه‌‌ ، هه‌مده‌ردی عوششاقانه‌ شه‌و


شه‌و ، هه‌موو شه‌و چاوه‌ ڕێیه‌ ڕۆژ هه‌ڵێ ، هه‌ر رۆژ هه‌ڵات
مه‌حوه‌ سه‌رتاپا له‌ به‌ر پێیا فیداکارانه‌ شه‌و






خۆر په‌رستینه‌! له‌ شه‌و فێری په‌ره‌ستن بن که‌ خۆر
هه‌ر دیاری دا به‌ ده‌وری سه‌ریدا قوربانه‌ شه‌و


فیرقه‌تی ڕۆژه‌ ده‌رونی کرده‌ داغێکی سیا
وه‌ک منی سه‌ودازه‌ده‌ ئاته‌ش زه‌ده‌ی هیجرانه‌ شه‌و


گه‌ر فیراق ئاگر هه‌موو ڕۆژێ له‌ جه‌رگی به‌رنه‌دا
بۆ هه‌موو شه‌و تیره‌ دڵ سینه‌ی زوخاڵستانه‌ شه‌و


تێ بگه‌ بۆ چی به‌جانن تالیبی شه‌و عاشقان
نیوه‌ شه‌و بۆ وه‌عده‌گاهی هاتنی جانانه‌ شه‌و


هه‌ر که‌سێک تالیب به‌ دوڕڕی مه‌عریفه‌ت کۆ کردنه‌
پڕ له‌ دوڕ ده‌ریایه‌کی بێ مه‌هله‌که‌ی خنکانه‌ شه‌و


وه‌ک خزر ئاوی حه‌یاتی فه‌یزی حه‌ق عافێتیه‌
ئه‌و خودا پێداوه‌ (مه‌حوی) تا سه‌حه‌ر ناڵانه‌ شه‌و.



وێنه‌ی ئه‌م شێعره‌:چیای قه‌ندیل (خانێ)