تبلیغات
وێنه‌ ی خاڵی - شێعرێکی به‌ ناو بانگ له‌ مامۆستا (نالی)
پنجشنبه 11 خرداد 1391

شێعرێکی به‌ ناو بانگ له‌ مامۆستا (نالی)

   نوسراوه‌ له‌ لایان: مسته فا    مه‌به‌ست :شێعر ،نالی ،

نه‌فس بگره‌ له‌ هاتو چۆیی خۆڕایی هه‌تا ماوی
که‌ ئه‌م بایه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆکه‌ هه‌ر عومری به‌با داوی

حه‌یاتت نه‌قدی ته‌حسیلی به‌قاوو ڕیبحی ڕیزوانه‌
ئه‌تۆ ده‌یکه‌ی به‌ مایه‌ی ده‌خڵ و خه‌رج و که‌سبی به‌دناوی

عه‌جه‌ب ماوم له‌ جه‌رگت ئه‌ی دڵه‌ی غافڵ که‌ موددێکه‌
له‌ سه‌ر ئه‌م ئاگره‌م داناوی ، هێشتا هه‌ر نه‌برژاوی...



زه‌مانه‌ چه‌رخ و چه‌رخی ئاسمانیشی فه‌له‌ک فیلکه‌
سه‌ری ڕشته‌ی وجوودی چه‌نده‌ باداوی و هه‌ر ماوی

مه‌گه‌ر مه‌یخانه‌یه‌ دونیا که‌ وا کاسی له‌ به‌ر که‌ئسی
به‌ نه‌غمه‌ی عوودی سووتاوی به‌ نه‌شئه‌ی تاسی تاساوی

ئه‌مێسته‌ش گه‌ر چی عه‌یش و عوشره‌تت هه‌ر تاڵ و تاڵاوه‌
به‌ مه‌رگی تۆ له‌ پاشانیش ده‌خۆی تاڵاوی تاڵاوی

هه‌وای سه‌یری به‌ڕ و به‌هر ئاگری به‌ر داوه‌ته‌ عومرت
که‌ تۆزی مونعه‌قید خاکی دڵۆپی مونجه‌مید ئاوی

که‌ خاکی خاکی دامه‌ن به‌ وه‌گه‌ر نه‌ تۆزی به‌ربادی
که‌ ئاوی ئاوی گه‌وهه‌ر به‌ ، وه‌گه‌ر نه‌ بڵقی سه‌ر ئاوی

هه‌تا شه‌ققه‌ی فه‌له‌ک نه‌بووه‌ به‌ کافووری کفن هه‌سته
که‌ ئه‌مشه‌و فرسه‌ته‌ ، هێشتا فه‌له‌ک ماویی ئه‌تۆش ماوی

نه‌واڵه‌ی تۆبه‌ ده‌ربێنه‌ هه‌تا ته‌ن نه‌بوه‌ته‌ سفره
پیاڵه‌ی شیشه‌ بشکێنه‌ هه‌تا وه‌ک کووپه‌ نه‌شکاوی

به‌ میعڕاجی سولووکی سالیکاندا تا نه‌چی ڕۆژێ
له‌ ناو جه‌هلی موڕه‌ککه‌بدا ده‌مێنی هه‌ر وه‌کوو ماوی

گه‌دا ئینسان و دنیا غوربه‌ته‌ ((من حیث لا تشعر))
به‌ هیممه‌ت تالیبی چشتێکی نازانی بڵێی ناوی

شتێکه‌ بێ شه‌بیهو جینس و فه‌سڵ و که‌شف ته‌قریره‌
موبه‌ڕڕایه‌ له‌ ته‌قریرو و حه‌دیسی حادیس و ڕاوی

وه‌ره‌ ئه‌م نیکته‌یه‌ من پێت بڵێم (نالی) ئه‌گه‌ر فه‌رزن
هه‌موو دونیات هه‌بێ هێشتاکو هه‌ر حه‌یران و داماوی